بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستەم
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى بیستەم
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/08/13     455 جار بینراوە    


یەکەم یادگاریم لەگەڵ "د. موحسین"دا

دكتۆر موحسین زانایەکی کوردە و کوڕی یەکێک لە زانا ناودارەکانی کەرکووکە، له ‌زانكۆی به‌غدا و كۆلیژی ئاداب به‌شی دین ده‌رسی ده‌گوته‌وه‌، مامۆستایه‌كی لێهاتوو و به‌توانا بوو، ماڵی لەو گەڕەکەدا بوو کە مزگەوتی (ڕاوی)ی لێ بوو، لە کاتی نوێژەکاندا ئەگەر لە ماڵەوە بووایە دەهات بۆ مزگەوت، لوتفی زۆر بوو لە تەکما، جارێكیان خوتبه‌یه‌كم خوێنده‌وه‌ له‌ خوتبه‌كه‌دا بابه‌تێكم نه‌قڵ كردبوو له‌ برایه‌كی نووسه‌ری خەڵکی موسڵه‌وه‌، بڕوا و متمانه‌م پێی هه‌بوو، له‌به‌ر ئه‌وه‌ نه‌گه‌ڕامه‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ی تا پشتئه‌ستووری بكه‌م، به‌ڵێ منیش خوتبه‌كه‌م دا، پاش خوتبه‌كه‌ مامۆستا گوتی: كاك حه‌سه‌ن! ئه‌و بابه‌ته‌ت له‌كوێوه‌ نه‌قڵ كردووه‌؟ منیش گوتم: له‌ مامۆستا فڵانی موسڵییه‌وه‌ كه‌ برایه‌كی نووسه‌ر و پارێزكاره‌، وتی: كاك حه‌سه‌ن! له‌به‌ر ئه‌وه‌ی له ‌نووسینه‌وه‌دا هه‌ڵه‌ی چاپی ڕوو ده‌دات، له‌وانه‌یه‌ له كاتی هه‌ڵه‌گیریدا به‌سه‌ریا تێپه‌ڕێ و ئاگای لێ نه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی تۆ نه‌كه‌ویته‌ هه‌ڵه‌وه‌، هه‌رگیز متمانه‌ به ‌كه‌س مه‌كه‌، با گه‌وره‌ترین شێخ و وه‌لییش بێت، خۆت بگه‌ڕێره‌وه‌ بۆ سه‌رچاوه‌كه‌ و به‌ته‌واوی خۆت پشتئه‌ستووری بكه‌ و لێی دڵنیا ببه، چونكه‌ ئه‌و براده‌ره‌ خوا لێی ببوورێت به‌هه‌ڵه‌ نه‌قڵی كردووه.

ئه‌ڵبه‌ت زۆر سوپاسی مامۆستام كرد له‌سه‌ر ئه‌و ڕێنوێنییه‌ی، ئیتر منیش له‌دوای ئه‌و جاره‌وه‌، تا توانیبێتم له‌ نووسیندا، به‌ شوێن سه‌رچاوه‌ ئه‌سڵیه‌كه‌یدا گه‌ڕاوم.

 

دووەم یادگاریم لە تەک دکتۆردا:

له‌و كاته‌دا كه‌ ئێمه‌ له‌ به‌غدا بووین حیزبی به‌عس له‌وپه‌ڕی ده‌سه‌ڵاتیدا بوو، ده‌ستی نابووه‌ بینی ئیسلامییه‌كانه‌وه‌ به‌ هه‌موو هێزی خۆی و له ‌دژیان ده‌جه‌نگا، هه‌موو سه‌رچاوه‌یه‌كی ڕۆشنبیریی ئیسلامیی وشك كردبوو، مه‌گه‌ر ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ ڕیساله‌ی ئیسلامیی ئه‌وقاف و مینبه‌رولئیسلامی میسریدا، كه‌ هه‌ردوو ئه‌وقافی میسری و عێراقی ده‌ریان ده‌كرد شتێكمان ده‌ست بكه‌وتایه‌، ده‌نا گۆڤاری ئه‌لعه‌ره‌بی كوه‌یتی كه‌ گوڤارێكی عه‌لمانیی ڕووت بوو، به‌ڵام بۆ ڕه‌نگاڵه‌كردنی بابه‌ته‌كانی له‌ هه‌موو ژماره‌یه‌كیدا بابه‌تێكی ئیسلامی و نووسینی نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی بڵاو ده‌كرده‌وه‌.

حیزبی به‌عس ئه‌و وتاره‌ی ده‌دڕاند، ئه‌وسا ده‌یهێشت گۆڤاره‌كه‌ له‌ عێراقدا بڵاو ببێته‌وه‌، له‌و كاته‌ ناهه‌مواره‌دا كرێكارێكی زۆری میسری هاتبوونه‌ عێراق بۆ ئیشكردن، ئه‌مانه‌ له‌ ته‌ك خۆیاندا نه‌واره‌كانی خه‌تیبی ناودار: عه‌بدول حه‌مید كوشكیان، ده‌هێنا بۆ عێراق، ئه‌م وتارانه‌ له‌ناو برایانی خۆمانا ده‌ستاوده‌ستی پێ ده‌كرا، وه‌ك هه‌نگوینمان له‌ داربه‌ڕوودا دۆزیبێته‌وه‌ ئاوه‌ها بوو، زۆر خۆشحاڵ ده‌بووین به‌ گوێلێگرتنیان، منیش كه‌ خه‌تیب بووم به‌ هۆی گوێگرتن له‌و وتارانه‌وه‌ كاریگه‌ریی ئه‌وم پێوه‌ دیار بوو، ڕۆژێكیان دكتۆر موحسین پێی گوتم: كاك حه‌سه‌ن ده‌ڵێی ئیقتیباس له‌ كۆشكه‌وه‌ ده‌كه‌یت؟ گوتم: به‌ڵێ مامۆستا هه‌ندێک جار لێی ئیقتیباس ده‌كه‌م، زۆر هات به‌ سه‌رما و گوتی: ئه‌وه‌ زمانشڕه‌، ئه‌وه‌ شه‌ڕفرۆشه‌، ئه‌وه‌ كه‌ی خه‌تیبه‌ خه‌تیب كه‌ی وا ده‌بێ، ئه‌وه‌ ئاژاوه‌گێڕه و‌ خۆتی لێ بپارێزه‌.. ئێمه‌ش ئه‌و كاته‌ بۆیه‌ خۆشمان ده‌ویست، كه‌ به‌و شێوه‌یه‌ داده‌به‌زییه‌ سه‌ر ده‌سه‌ڵاتداره‌كان بەڕاستی خۆی زۆر دامەزراو و میانڕەو بوو.

سێیەم یادگاریم لە تەک دکتۆردا:

تازه‌ له‌ پاكنووسی "ئێستا به‌ختیارم" ببوومه‌وه‌ و ده‌مویست چاپی بكه‌م، مامۆستایش نووسه‌ر بوو، ڕۆژێكیان پێم گوت: مامۆستا! من نامیلكه‌یه‌كم نووسیوه‌ ئه‌گه‌ر كاتت هه‌بێ پێم خۆشه‌ چاوێكی پیا بخشێنیت و تێبینیی خۆتم له ‌باره‌یه‌وە بده‌یتێ.. گوتی: كاك حه‌سه‌ن! به‌داخه‌وه‌ من ناتوانم كوردی بخوێنمه‌وه‌، بەڵام ئه‌گه‌ر خۆت كاتت هه‌بێ، پێم خۆشه‌ بۆم بخوێنیته‌وه‌ و گوێت لێ بگرم، گوتم باشه‌، ئەوە بوو كاتێكمان دیاری كرد و من شه‌وانه‌ ده‌ڕۆیشتم بۆ ماڵی ئه‌وان و له‌ هۆڵه‌‌كه‌دا پێكه‌وه‌ داده‌نیشتین، من بۆم ده‌خوێنده‌وه‌ و ئه‌ویش تێبینییه‌كانی خۆی باس ده‌كرد،  یه‌كێك له‌ تێبینیيه‌كانی ئه‌وه‌ بوو كه‌ ناوی دوژمنانی ئیسلام به‌ته‌واوی ناوونیشانه‌وه‌ نه‌نووسم‌، چونكه‌ له‌وانه‌یه‌ هه‌ندێ كه‌س بڵێت: با سه‌رێكی لێ بده‌م بزانم چی نووسیوه‌ و خۆیشی به‌رگرییه‌كی وای تیا نه‌بێ، به‌و سه‌ردانه‌ زایه‌ ببێت.. له‌ جیاتیی ئه‌وه‌ی یه‌ك به‌یه‌ك ناوی موسته‌شریقه‌كان بهێنیت، به‌كورتی بڵێ هه‌ندێ له‌ خۆرهه‌ڵاتناسه‌كان.

له‌و كاته‌دا كه‌ بۆم ده‌خوێنده‌وه‌ و گه‌یشتینه‌ ئه‌ویا كه‌ هاوه‌ڵه‌كانی پێغه‌مبه‌ر "صلی اللە علیە وسلم" ئه‌وه‌ند ڕه‌وشتی به‌رزی پێغه‌مبه‌ر "صلی اللە علیە وسلم" كاری تێ كردبوون، ئه‌گه‌ر غه‌ریبێكی ڕێبوار برۆیشتایه‌ته‌ ناویانه‌وه‌، ده‌یگوت: ئه‌مه‌ پێغه‌مبه‌رستانه‌، هه‌ر وه‌ك "مه‌حوی"ی شاعیری خوالێخۆشبوو له‌ وه‌سفیانا ده‌ڵێت. زۆری پێ خۆش بوو، موچڕکەیەک هات بە لەشیدا و گوتی: كاكه‌ حه‌سه‌ن! ده‌ڵێی ده‌ستی ئه‌ده‌بیاتیشت هه‌یه‌؟

چوارەم یادگاریم لە تەک دکتۆردا:

بۆ یه‌كه‌م جار كه‌ سه‌ردانی ماڵ دكتۆر موحسینمان كرد، گوێم له‌ ده‌نگی ته‌له‌فزیۆنه‌وه‌ بوو له‌ ماڵ ئه‌واندا، زۆرم پێ سه‌یر بوو، كه‌ ته‌له‌فزیۆنیان هه‌یه‌، منیش گوتم: جه‌نابی دكتۆر ده‌ڵێی ته‌له‌فزیۆنتان هه‌یه‌؟

گوتی: به‌ڵێ.. گوتم: مامۆستا! به‌رنامه‌كانی كه‌ڵكی ئه‌وه‌یان هه‌یه،‌ مرۆڤ بیهێنێته‌ ماڵه‌وه‌؟ گوتی: كاكه‌ حه‌سه‌ن! ئێمه‌ منداڵه‌كانمان خه‌ریكن سه‌ره‌تایی ته‌واو ده‌كه‌ن، ئه‌گه‌ر ئێمه‌ خۆمان هه‌مانبێت و له ‌ماڵی خۆماندا و له‌ژێر چاودێریی خۆماندا ته‌ماشای بكه‌ن، ئه‌گه‌ر شتێكی هه‌ڵه‌ی تیا بوو، هه‌ڵه‌كه‌یان بۆ باس بكه‌ین، ئه‌وه‌ زۆر چاکتره‌، تا منداڵه‌كه‌ بڕوات له‌ ماڵی پووری، یا له‌ ماڵی خاڵی یا له ‌ماڵی هاوسێیه‌كی ته‌ماشای بكات و به‌بێ ڕوونكردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌كه‌ وه‌ری بگرێت، چونكه‌ منداڵه ‌و حه‌زی لێیه‌تی و ته‌ماشای ده‌كات. كە وا بوو ئه‌گه‌ر له ‌په‌نای خۆت و له‌ژێر چاودێریی خۆتدا بێت باشتره.

تا ئه‌وكاته‌ش ئێمه‌ ته‌له‌فزیۆنمان نه‌بوو، بگره‌ ئه‌و ساڵانه‌ش كه‌ له‌ به‌غدا بووین ته‌له‌فزیۆنمان نه‌كڕی، تا هاتینه‌‌ سه‌نگه‌سه‌ر، ئه‌وسا ته‌له‌فزیۆنمان كڕی.

نەقڵبوونم بۆ مزگە‌وتى  تەییار (الطیار):

پاش ماوه‌یه‌ك ئه‌وقاف داواى له‌ خاوه‌ن مزگه‌وته‌كه‌ كرد (ابراهیم الراوى)، پاره‌ى ئیمام بدات به‌ ئه‌وقاف، چونكه‌ ئێمه‌ ئیماممان بۆ ناردوون، ئه‌ویش ڕازى نه‌بوو، گوتى: ئیمه‌ ئیماممان پێویست نییه‌ ئیمه‌ خه‌تیبمان پێویسته‌! له‌به‌ر ئه‌وه‌ ئه‌وقاف نه‌قڵى كردم بۆ مزگه‌وتى (الطیار)، ئه‌م مزگه‌وته‌ ژوورێكى بچكۆلانه‌ بوو، بۆ نوێژكردن و ژوورێكیشى لێ بڕرابوو بۆ خادم و بانگوێژه‌كه‌. له ‌نزیك قه‌مبه‌رعه‌لییه‌وه‌ بوو له‌سه‌ر شاریع جمهوورى، منیش ماڵه‌كه‌م له‌ ئه‌عزه‌میه‌ بوو، زۆر سه‌خڵه‌ت بووم، به‌م نه‌قڵه‌ چونكه‌ ده‌بووایه‌ سوار سێ پاس ببوومایه‌ بۆ زانكۆ، و له‌وسه‌ریشه‌وه‌ هه‌روه‌ها، هه‌ندێک جار ده‌ستمان پێوه‌ ده‌گرت سواربوونى پاسێكیانم به‌پێ ده‌بڕى، جا وه‌ره‌ دوو جار ئه‌م وه‌زعه‌ ببینه‌ له‌ شه‌و و ڕۆژێكدا.

پیاوێکی کورد لەم مزگەوتەدا خادم و بانگوێژ بوو، بە ناوی "مەلا حسەینی عەنەبی" پێش ئەوەی من بڕۆم بۆ ئەوێ، وا خۆی بە خەڵکەکە ناساندبوو کە ئیمامە، منیش بەمەم نەزانی، کاتێک لێیان پرسیم گوتم: مەلاحسەین خادم و بانگوێژە، ئیتر کە لە لای خەڵکی دەر کەوت خادمە، زۆر دوژمنایەتیی دەکردم.. لەڕاستیدا ئازارێکی باشی دام و تەواو ناڕەحەتی کردم.. یاداشتێکی تفت و تاڵم لەم مزگەوتەدا هەبوو.

حەساسیەت:

کاتی خۆی زۆر حەزم لە بۆنی کۆڵۆنیای ڕیڤدۆری فەڕەنسی دەکرد، لە مزگەوتی (الطیار) بووم لە بەغدا، کوڕێکی نوێژخوێنی فەلەستینی ئاموشۆی مزگەوتەکەی دەکرد، وەک بازرگانێک ناو بەناو بۆ شتکڕین، دەچوو بۆ کوەیت، ڕیڤدۆرە ئەسڵەکە لە بەغدا دەست نەدەکەوت، منیش پێم گوت: بەڵکوو لە کوەیت شووشەیەکم بۆ بهێنێت، بۆی هێنام و نەیدەویست پارەکەم لێ وەر بگرێت، خوا پاداشتی بداتەوە، بەڵام بەزۆر پارەکەم پێ دا. 

جا ئەو شووشە قۆڵۆنیایەم لەسەر داشبووڵی کارەبای هۆڵەکەمان دانابوو، ڕۆژێکیان کەوتە خوارەوە و شووشەکە شکا و بۆن بڵاو بووەوە، من و خێزانم شۆردمان، من بە سۆندە ئاوم پیا دەکرد و ئەویش بە گسک ڕای دەدا، تا چوار ڕۆژیش بۆنەکە دوایی نەدەهات، لەگەڵ ئەوەدا کە دەرگا و پەنجەرەمان کردبووەوە.

لە ئەنجامی ئەم بۆنە تیژەوە من و خێزانم تووشی حەساسییەت بووین، بەڵام نەماندەزانی کە حەساسییەتە، وامان دەزانی هەڵامەتمان تووش بووە، چونکە پەیتا پەیتا دەپژمین و ئاو بە چاو و لووتمانەوە نەدەوەستا، نەخۆشخانەیەکی گەورە لە تەنیشت ماڵمانەوە هەبوو، پێیان دەگوت: "مستشفی النعمان" لە عەیادەکەیا دکتۆریکی هەناویی لێ بوو، تەمەنی ٥٥ ساڵ زیاتر دەبوو، منیش ڕۆیشتم بۆ لای و گوتی: چیتە؟

گوتم: وا بزانم سەرمام بووە، ئاو بە لووتمەوە ناوەستێ و پژمەمە. ئەویش چەند دەرزییەکی پەنسلینی بۆ نووسیم، و گوتی بەکاریان بێنە چاک دەبیت، منیش دەرزییەکانم لە خۆم دا و هیچ گۆڕانکارییەک دروست نەبوو!

ئەو هەفتەیە دەرزییەکانم بەکار هێنا و چاک نەبوومەوە، هەفتەی دووەم ڕۆیشتمەوە هەر هەمان دکتۆر لەوێ بوو، گوتی: چیتە؟ منیش باسی خۆمم بۆ کرد و گوتم: هەفتەی پێشوو هاتم دەرمانت بۆ نووسیم و بەکارم هێنا و چاک نەبووم!

دکتۆر تووڕە بوو و گوتی جا تۆ چاک نابیت من چیت لێ بکەم! ئەمجارە چەند دەنکێ پاراسیتۆڵیشی بۆ زیاد کردم، منیش بەکارم هێنا و چاک نەبووم.

هەفتەی سێیەم ڕۆیشتمەوە بۆ لای دکتۆر، هەر هەمان دکتۆرەکەی جاران بوو، گوتم: ئەوە دوو هەفتەی پێشوو هاتم بۆ لات و دەرزی و حەبت بۆ نووسیم و چاک نەبووم، دکتۆر خەریک بوو، خۆی بداتە بەر شەق، تووڕە و قوشقی بوو، گوتی: تۆ چاک نابیت، من چیت لێ بکەم! ئینجا هەندێک ڤیتامین سییشی بۆ زیاد کردم و هاتمە دەرەوە هەر چاک نەبووم.

لە مزگەوتی "ڕاوی" کە ئیمام جومعە بووم، باسی ئەم پژمین و ئاولەچاوهاتنەی خۆمم بۆ کردن و گوتم؛ پێم سەیرە من چاک نابم؟ هەڵامەت ئەگەر دەرمانیشی بۆ وەر نەگریت و ئیسراحەتی بۆ بکەیت، بە هەفتەیەک چاک دەبیتەوە! کەچی ئەوە سێ هەفتەیە، من دەچم بۆ لای دکتۆر و دەرمانم بۆ دەنووسێ و چاکیش نابمەوە!

یەکێک لە برادەرەکان گوتی: مامۆستا! ئەوە حەساسیەتت تووش بووە، بۆیە چاک نابیت، چونکە حەساسیەت چاری نییە، ئەوەی تۆ باسی دەکەیت هەڵامەت نییە، ئەگەر هەڵامەت بووایە، هەر زوو چاک دەبوویتەوە. منیش حەساسیەتمە و ماوەیەکی زۆرە پێوەی دەناڵێنم، تا ئێستاش چارەسەرم  دەست نەکەوتووە.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure