بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سیو یەک
بیرەوەرییەکانى بانگخوازێک - ئەڵقەى سیو یەک
  د. حەسەن پێنجوێنى     2023/10/11     272 جار بینراوە    


چۆن دەستگیر کرام؟

ئێوارەوەختە بوو، لارەسێبەر ھاتبووەوە و زۆری نەمابوو شەو بە چارشێوە ڕەشەکەیەوە پرچی زێڕینی خۆر داپۆشێت، زستان لە ھەڕەتی لاویەتیدا بوو، ھەوا زۆر سارد بوو، ڕۆژی سێ شەممە ١٣/١/١٩٨٧ بوو، لە تەک دوو میوانی خۆشەویستمدا کاک جەزا و کاک دلێر دانیشتبووین. دایان لە زەنگی دەرگا و منیش ڕۆیشتم بۆم کردنەوە، دیتم پیاوێکی کورتەباڵای ڕووخۆش و زمانشیرین، لەگەڵ پیاوێکی چاوزەق، مۆن، سمێڵبابڕ، لە بەردەرگا وەستاون، زمانشیرینەکەیان گوتی: ئەمەیە ماڵ مامۆستا حەسەنی پێنجوێنی؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: جەنابت مامۆستایت؟ 

گوتم: بەڵێ.

گوتی: ھەوڵت داوە نازانم بۆ مەسەلەی دامەزراندنەوە یا تەقاعودی؟

گوتم: بەڵێ.

گوتی: دەی منیان بە شوێنتا ناردووە، تا بێیت بۆ ئەوێ و چەند پرسیارێکت لێ بکەن و بگەڕێیتەوە، گوتم: دەی فەرموو دابنیشن و پشوویەک بدەن.

گوتیان: نەخێر دەڕۆین پەلەمانە.

گوتم: باشە ئێوە بڕۆن، من بەیانی دێم.

گوتی: ئاخر نابێ.

گوتم: بۆچ؟

گوتی: چونکە فەرمانی گەڕانەوەکەت لە دیوانی سەرۆککۆمارییەوە ھاتووە، ئەمان دەیانەوێ زۆر بەخێرایی وەڵامەکەی بدەنەوە، تەنیا چەند پرسیارێکت لێ دەکەن و خێرا دەگەڕێیتەوە.

گوتم: برا! درەنگە و با بەیانی بێ.

گوتی: برا! شەرەفم نەبێ چەند پرسیارێکت لێ دەکەن و دەگەڕێیتەوە، ئەوەش بزانە چونکە ئەمرەکە ئەمری بەغدایە زۆر مەبەستیانە کارەکەت زوو جێبەجێ بکرێت! باوەڕت ھەبێ ئەمڕۆ بەڕێوەبەری ئاسایشی ناوشار چوار جار ناردوویەتی بە شوێنمدا. تا تۆ بدۆزمەوەو خێرا کارەکەت جێبەجێ بکرێت، فەرموو خێرا خۆت گورج بکەرەوە، با بڕۆین.. شەرەفم نەبێ! ھەر ئێستا دێیتەوە.

بەڵێ منیش چوومە ژوورەوە و خۆمم گورج کردەوە، بە برادەرەکانم گوت: شتێکی وا ھەیە، ئێوە ڕاتان چییە؟

کاک دلێر گوتی: من پێم وایە نەڕۆیت باشە، چونکە ئەو پیاوە لە ھەولێر گیراوە، لەوانەیە ناوی تۆی ھێنابێت، خۆ ئەگەر بڵێیت: تەنیا مەرحەبایی لە نێوانماندا ھەبووە، ھەر دەتگرن و دەتبەن، نەوەکوو ناوی تۆی دابێ مەڕۆ، وا دەزانم نەڕۆیت باشترە.

کاک جەزایش گوتی: ئەو پیاوە من دەیناسم، ئەوە کوێخای بەعسە، ھەزار و یەک درۆت بۆ بکات بە لایەوە گرنگ نییە، منیش پێم وایە نەچیت باشترە، ئەتوانی لە دەرگای پشتەوە دەر بچیت و تا تۆ دەر دەچیت من دەڕۆم بەقسە مەشغووڵیان دەکەم.  

لەم کاتەدا حسەینی برام ھات و گوتی: ئەوە چییە؟

مەسەلەکەم بۆ گێڕایەوە و گوتم: تۆ ڕات چییە؟

گوتی: ئەسڵەن مەترسە و تەنیا بۆ گەڕانەوە و دامەزراندنەوەتە و ھیچی تر.

گوتم: ئاخر چوار ڕۆژ لەمەوبەر لە ھەولێرەوە برادەرێکم ھەواڵی بۆ ھێنام، کە دکتۆر عیسام ڕاوی گیراوە، لەوانەیە لەژێر ئەشکەنجە و سزادا ناوی تۆ بڵێت، ئاگات لە خۆت بێت.

حسەین گوتی: برا وەڵڵاھی مەترسە، چونکە باوەڕ ناکەم دکتۆر عیسام ئەوەند بێورە بووبێت، بەم چوار ڕۆژە ڕووخابێت، و ناوی تۆی دابێت.. بڕۆ با بڕۆین منیش دێم لەگەڵتا.

بە میوانەکانم گوت: برایان! من ئەڕۆم، بەڵام ئەگەر تا خۆرئاوا (مەغریب) نەھاتمەوە، ئێوە ھەرچی کتێب و نەوار و دەستنووسم ھەیە بیشارنەوە، ئیتر خواحافیزیم لێ کردن، من و حسەین و دوو زەلامەکەی تر ڕۆیشتین، لە ڕێگەدا لە قسەخۆشەکەیانم پرسی: تۆ ناوت چییە؟

گوتی: ئەی قوربان! نامناسی؟! خۆ من کوێخا و (موختار)ی ھەوارەبەرزەم، ناوم شێخ عەلییە.

گەیشتینە دوکانەکەی حاجی بارام، جەعفەری کوڕی چۆن و چاکی لەگەڵ کردن، ئەوی ڕاستی بێت ترسێکم بۆ دروست بوو، دڵم باشی نەدەگوت! بۆیە بە جەعفەرم گوت: تۆ ئەو مۆنەیان دەناسی؟

گوتی: بەڵێ.

گوتم: چ کارەیە؟

گوتی: لە دایەرەی ئەمنە و ناوی (شێخ عەبدول)ە!

گوتم: دە پیاوی چاک بە، پێی بڵێ: ئەگەر دەزانی شتێکی خراپ ھەیە، بانەیەت لە گەڵتانا!

گوتی: بەسەر چاو، جەعفەر بانگی کردە لاوە و لێی پرسی.

ئەویش گوتی: وەڵڵا بۆ ھیچ شتێکی خراپ نییە، تەنیا چەند پرسیارێکی لێ دەکەن و دێتەوە. جا قابیلە من بزانم شتی خراپ ھەیە و بێم بە شوێنیا؟

شێخ عەلییش دەستی بۆ سمێڵی خۆی برد و گوتی: ئەم سمێلە سمێڵی پیاو نەبێ، بمزانیبایە شتێکی خراپ ھەیە نەدەھاتم بە شوێنیا، باوکم ئەگەر خوانەخواستە شتێ ڕووی دا خوێنم حەڵاڵتان بێت!

بەڵێ ڕۆیشتین تا سەر جادەی قیرەکە و بەردەرگای ماڵ مەلا سەید حەسەنی حافز، لەوێ تەکسیەکم بۆ گرتن و ھەرچوارمان سوار بووین و ڕۆیشتین، لە فولکەی کاوەی تووی مەلیک بە سایەقەکەیان گوت: بەم لادا،  بەرەو زانکۆ.

لەویادا دڵم داخورپا، ڕۆیشتین تا چووینە فولکەی ئیسکان و بەرەو دەرگای بەڕێوەبەری ئەمنی بەلدە، حسەینی برامیان دابەزاند، گوتیان: تا ئەم دێتەوە تۆ لێرەدا چاوەڕوان بە! ئێمەش ڕۆیشتینە ژوورێ و لە پرسگەی دایەرەکە دانیشتین، کوێخا لای من مایەوە و عەبدولی ئەمن ڕۆیشتە سەرەوە بۆ لا بەڕێوەبەر.


نوسراوی زیاتری ئەم نوسەرە

ڕێکخراوی خاڵ

خاڵ بۆ هزرو ڕۆشنبیرى، ڕێکخراوێکى قازانج نەویستە، لە لایەن دەستەیەک ڕۆشنبیر و نووسەرەوە ساڵى ٢٠١٥ لە سلێمانى دامەزراوە، هەوڵى وشیارکردنەوە و خزمەتکردنى کۆمەڵگەى کوردیى دەدات.

xalkurd.org - 2022
developed by KODTECH.NET & powered by microsoft azure